
پاش تەواو کردنی دوو ساڵی خوێندن لە زیندانی چاکسازی هەولێر، کچە قوتابییەکی سزادراو بڕوانامەی دبلۆمی دوو ساڵە لە بەشی ئینگلیزی پەیمانگەی تەکنیکی گەشە بەدەستدەهێنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ٥/٤/٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی بەڕێز (کوێستان محەمەد) وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی هەولێر و ئەندازیار (شاخەوان تەلعەت) سەرۆکی دەستەی ئەمینداران و دكتۆرە (ئەڤین فەتاح حاجی مام) ڕاگری پەیمانگەی تەکنیکی گەشە، لە زیندانی چاکسازی هەولێر مەراسیمێکی رێزلێنان بۆ بەخشینی بڕوانامەی دبلۆمی تەکنیکی بە کچە قوتابییەک بەڕێوەچوو کە زیاتر لە حەوت ساڵی ژیانی لە زینداندا بەسەردەبات، و پاش خوێندنی قۆناغی ئامادەیی بە شێوەی خێرا، کۆتایی ئەمساڵی خوێندن بڕوانامەی دبلۆمی دووساڵەی تەکنیکی لە بەشی
.ئینگلیزی پەیمانگەی تەکنیکی گەشە بەدەستدەهێنێت.
لە مەراسیمەکەدا وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی سوپاسی مامۆستایان و ستافە کارگێڕییەکانی قوتابخانەی خوێندنی خێرای رووناکی و بەشی ئینگلیزی پەیمانگەی تەکنیکی گەشەی کرد کە بە هەماهەنگی هەردوولا پرۆسەکە بە سەرکەوتووانە بەڕێوەچووە.